کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان بەرانبەر بە ژنانی ئەفغانستان، هەمووان ببنە دەنگی ئازادیی ئەوان و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز ڕابگرن، چونکە بە بڕوای ئەوان، پرسی ژنانی ئەفغانستان هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسێت و پێویستە هەموو لایەک هاوسۆزیان بن.
کژار لە ڕاگەیەنراوەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر هاوشێوەیی سیستمی فەرمانڕوایی لە کابول و تاران و دەڵێت:
"دەسەڵاتدارانی تاڵیبان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەک ترسی هاوبەشیان هەیە؛ ئەویش ترسیانە لەوەی ژن بیر بکاتەوە، بنووسێت، داوای مافەکانی بکات و سەرکردایەتیی کۆمەڵگە بکات."
هاوكات ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا لە ئەفغانستان دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان بەڕووی کچاندا دادەخرێن و مافی کارکردنیان لێ دەسەندرێتەوە، لە بەرامبەردا لە ئێران سێدارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.
کژار جەخت دەکاتەوە کە هەردوو حکومەتەکە مانەوە و بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆیان تەنیا لە کۆنترۆڵکردن، سەرکوتکردن و سڕینەوەی ژناندا دەبیننەوە.