کۆردیناسیۆنی کژار لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازیی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی ژیان و پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە سەر بنەمای ئازادیی ژن و دیموکراسی بونیاد نراوە.
کژار دەڵێت، "یەپەژە لە شەڕی دژی داعش و فاشیزمدا، تۆڵەی هەزاران ساڵەی چەوساندنەوەی ژنی کردەوە و بووە سیمبولی بەرخۆدان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناوچەکە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا سوریا بەرەو گۆڕانکاریی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەچێت، پشتگوێخستنی یەپەژە بە واتای پشتگوێخستنی ئایندەی ئازادیی ژنان دێت.
کژار جەخت دەکاتەوە، ئەزموونی ڕۆژاڤا و یەپەژە بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
لە کۆتاییدا، کژار وەک هێزێکی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستکەوتەکانی یەپەژە بە دەستکەوتی هەموو ژنانی جیهان دەزانێت و داوا دەکات، لە سیستمی نوێی بەڕێوەبردنی سوریادا، پێگە و ناسنامەی سیاسیی و سەربازیی ئەم هێزە بە فەرمیی بناسرێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی هێزە نادیموکرات و توندڕەوەکان بگیرێت.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
ڕاگەیەندراوی کژار بۆ پشتگیریکردن لە بەشداریکردنی یەپەژە لە سیستمی نوێی بەڕێوەبردنی سووریادا
لە مێژووی ئەم دواییەی ڕۆژئاوا و سوریادا، ئەو هێزانەی لەژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕێکخران، بوونە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەرگری لە دژی تیرۆر و فاشیزم. ئەم هێزە کە لەناو کۆمەڵگەی کوردی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەوە سەری هەڵدا، بە یەکدەنگی و بە باوەڕێکی قووڵ بە فەلسەفەی ئاپۆیی لە سەر بنەمای ماف، ئازادی، ناسنامە و خودبوونی ژنان، دەستیان دایە چەک و خەباتیان کرد.
یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەیەکی ژیانە کە لە سەر بنەمای ئازادیی ژن، یەکسانی و دیموکراسی بنیاد نراوە. لەو سەردەمەی کە ناوچەکانمان لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون و تیرۆر بەسەر گەلاندا سەپێنرابوو، یەپەژە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو بەرخۆدانە وەستا و لە سەختترین هەلومەرجدا جەنگا. ئەو هێزە بە دڵسۆزی، فیداکاری و خوێنی خۆی، زۆرێک لە ناوچەکانی ڕزگار کرد و ڕێگەی بۆ گەڕانەوەی ژیان کردەوە. یەپەژە تۆڵەی چەوسانەوەی سی هەزار ساڵەی ژنانی لە بکوژی کاستیک کردەوە کە هەموو کات کۆیلایەتیی قووڵتر دەکردەوە.
هاوکات، یەپەژە لە دژی سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەدا ڕاوەستا. لە زۆرێک لە ناوچەکاندا، ژنانی یەپەژە بوونە سیمبولی بەرخۆدانی ئەو ژنانەی کە نایانەوێت لەژێر سایەی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستیی پیاوسالاردا بژین. بەرگریی ئەوان تەنها جەنگێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بەرخۆدانی شکۆ، ناسنامە و مافە بنەڕەتییەکان بوو.
ئێستا کە بارودۆخی سیاسی لە سوریادا دەگۆڕێت و گفتوگۆ لە بارەی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە ئارادایە، پێویستە ڕۆڵ و پێگەی یەپەژە بە فەرمی بناسرێت. ئەم هێزەی لە مەیدانی جەنگدا فیداکارییەکی گەورەی نواندووە، دەبێت لە مەیدانی سیاسیشدا خاوەن پێگەیەکی یاسایی بێت. ناساندنی ئەوان وەک بەشێکی فەرمیی لە پێکهاتەی سوریا، تەنها مافێک نییە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ئاشتی و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر.
بێبەشکردنی یەپەژە لە پێگەی سیاسیی، نەک هەر ناهەقییە بەرانبەر بە فیداکاریی ژنان بۆ ڕزگارکردنی تەواوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بەڵکو مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر داهاتووی سوریا؛ چونکە ئەگەر ئەو هێزانەی لە سەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی دامەزراون لە کایەی سیاسی دوور بخرێنەوە، شوێنی ئەوان لەلایەن هێزە نادیموکرات و توندڕەوەکانەوە پڕ دەکرێتەوە.
لەبەر ئەوە، دەبێت یەپەژە وەک هێزێکی فەرمیی، وەک نوێنەری ژنان و پارێزەری بنەڕەتیی کۆمەڵگە، لە حکومەتی نوێی سوریادا خاوەن ناسنامەی سیاسی و پێگەی فەرمی بێت. ئەمە تەنها داخوازییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو داخوازییەکی دادپەروەرانە و پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک.
بەرخۆدانی ژنان، بەرخۆدانی ژیانە. پێویستە ئەو بەرخۆدانە ئێستا بە ناسینی ناسنامە و پێدانی پێگەی سیاسیی تاجدار بکرێت.
بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە سەرچاوەی هێز و ورە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش. ئەم کاریگەرییە لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی ڕوون خۆی نیشان داوە. بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، دەستکەوتەکانی یەپەژە بە دەستکەوتی هەموو ژنانی کورد و ئازادیخوازانی جیهان دەبینین و پشتگیریی خۆمان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی ژنان لە پێگەی نوێی سوریادا ڕادەگەیەنین. پشتگوێخستنی یەپەژە لە سیستمی نوێی سوریادا، بە واتای پشتگوێخستنی داهاتوویەکی ئازاد بۆ تەواوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندایە، چونکە یەپەژە چیتر تەنها سوپایەکی ژنانی کورد نییە، بەڵکو بووەتە بەهایەکی گەردوونی.
لەسەر ئەم بنەمایە، دووبارە وەک کژار پشتگیریی خۆمان بۆ بەشداریکردنی یەپەژە لە سیستمی نوێی بەڕێوەبردنی سوریادا دەردەبڕین.
سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕانە ٢٠٢٦/٠٥/٠٥
کۆوردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)