وەرێشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە گرتوخانەی ئێڤین، جارێکی دیکە لە لایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بانگهێشت کرا، بەڵام ئامادەنەبوو لە دانیشتنی دادگاکەدا بەشدار بێت و ڕایگەیاند کە ئەو دادگایە بە شەرعی و ڕەوا نازانێت.
گوڵڕوخ ئیرایی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، وەرێشە مورادی بۆ جارێکی دیکە لە لایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵاواتی بانگهێشت کراوەتەوە، بەڵام ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە ئامادەنەبووە بچێتە بەردەم دادوەر.
وەرێشە مورادی پێشتر لە لایەن دادوەر سەڵاواتییەوە بە تۆمەتی "یاخیبوونی چەکداری دژی دەوڵەت (بەغی)" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوای تێهەڵچوونەوە، لە کانوونی یەکەمی 2025دا سزاکە لە لایەن لقی 9ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بەهۆی بوونی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە نێردرایەوە بۆ هەمان لقی دادگای شۆڕش.
لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە وەرێشە مورادی لە کاتی بەندکردنیدا لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە؛ بە فەرمانی سەرۆکی دادگا بۆ ماوەی چەندین مانگ مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لێ زەوتکراوە و بۆ ماوەیەکی درێژیش ڕێگەی پێنەدراوە خێزانەکەی ببینێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکارەکانی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، چارەسەرکردن و گەیاندنی دەرمانی پێویست لە لایەن دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
شایانی باسە، وەرێشە مورادی لە 1ی ئابی 2023 لە نزیک شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و دوای گواستنەوەی بۆ تاران، تاوەکو ئێستا لە گرتوخانەی ئێڤین ڕاگیرا.