دادگای باڵای بەلوچستان بڕیاری دا تانەی یاسایی دکتۆر ماهرەنگ بەلوچ، سەرۆکی کۆمیتەی یەکگرتووی بەلوچ و سوبغاتوڵڵا بەلوچ، سەرکردەی دیاری کۆمیتەکە دژی سزای زیندانی هەمیشەیی قبووڵ بکات و نووسراوی ئاگادارکردنەوەی بۆ داواکاری گشتی نارد.
ئەم بڕیارە لە لایەن دەستەیەکی دادوەرییەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر گوڵ حەسەن تارین و دادوەر نەجامەدین مێنگال درا، دوای ئەوەی تیمی پارێزەران تانەیان لەو سزایە گرت کە پێشتر لە لایەن دادگای دژەتیرۆری کوێتاوە بەسەر هەردوو سەرکردەکەدا سەپێندرابوو.
دکتۆر ماهرەنگ و سوبغاتوڵڵا بەلوچ بە تۆمەتی هاندانی جەماوەر لە تەممووزی ساڵی ٢٠٢٤ لە کاتی کۆبوونهوهیەکدا، کە تێیدا بەهۆی بەردبارانکردنی ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ئەفسەرێک گیانی لەدەستدا، سزای زیندانی هەمیشەییان بەسەردا سەپێندرابوو.
تیمی پارێزەرانی بەرگریکار جەخت دەکەنەوە کە سزاکە بێبنەمایە، چونکە دادگای سیشنی گوادار پێشتر لەسەر بنەمای هەمان ئەو بەڵگانەی داواکاری گشتی، تۆمەتبارێکی تری دۆسیەکەی بێتاوان کردووە.
پارێزەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە دادگاییکردنەکە نادادپەروەرانە بووە، چونکە دادگا خۆی پارێزەری دەوڵەتی بۆ داناون سەرەڕای ئەوەی خۆیان پارێزەری تایبەتیان هەبووە، ئەمەش وای لێکردبوون بایکۆتی دانیشتنەکان بکەن.
هاوكات تیمی بەرگری پێشتر داواکارییەکی دەستوورییان بۆ گۆڕینی دادوەری کەیسەکە پێشکەش بە دادگای باڵا کردبوو، بەڵام ئەو داواکارییە تاوەکو ئێستا بۆ دانیشتن دیاری نەکراوە.