ڕاستەوخۆ

پلاتفۆرمی ڕاگرتنی ژنکوژی : لە شەش مانگدا 150 ژن لە تورکیا کوژراون

reset font size increase font size

پلاتفۆرمی ڕاگرتنی ژنکوژی ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی لەبارەی کوشتن و مردنی گوماناوی ژنان بڵاوکردەوە؛ بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، لەم ماوەیەدا 150 ژن کوژراون و 151 حاڵەتی مردنی گوماناویش تۆمارکراون.

هەروەها دەرکەوتووە کە 12 حاڵەتی مردن کە پێشتر وەک "گوماناوی" ناسێندران، لە بنەڕەتدا تاوانی ژنکوژی بوون.

پلاتفۆرمەکە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە ژنان زیاتر لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە دەکرێنە ئامانج و دەڵێت: "لە کۆی ئەو 150 ژنەی لە نیوەی یەکەمی 2026دا کوژراون، 64 ژنیان (واتە 43٪) لە لایەن مێردەکانیان و 10 ژن لە لایەن هاوسەرە پێشووەکانیانەوە کوژراون. بە گشتی 95 ژن لە لایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون کە هاوسەرگیرییان لەگەڵدا کردوون."

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە زۆربەی تاوانەکان کاتێک ڕوودەدەن کە ژنان دەیانەوێت بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن، جیا ببنەوە، یان لە توندوتیژی ڕزگاریان بێت. جگە لەوانە، 9 ژن لە لایەن باوکیان، 6 لە لایەن کوڕەکانیان و 2 ژنیش لە لایەن براکانیانەوە کوژراون، لە کاتێکدا پەیوەندیی تاوانباران لەگەڵ 17 ژنیاندا دیاری نەکراوە.

پلاتفۆرمەکە ڕەخنە لەو سیاسەتانە دەگرێت کە توندوتیژی بە ناوی 'بابەتی خێزانیی' دادەپۆشن و ڕادەگەیێنێت: "بۆ ڕاگرتنی ژنکوژی، دەبێت ئەو سیاسەتانە جێبەجێ بکرێن کە مافی ژیان، ئازادی و سەلامەتیی ژنان وەک تاک دەخەنە پێشینەی کارەکان، نەک تەنیا تەماشای پێگەی ژن لە ناو خێزاندا بکرێت."

ماڵەکان؛ مەیدانی سەرەکیی توندوتیژییەکان

داتاکانی ڕاپۆرتەکە ڕاستییەکی مەترسیدار لەبارەی شوێنی تاوانەکان دەردەخەن؛ لە کۆی 150 ژنە کوژراوەکە، 92 ژنیان (واتە 61٪) لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون. شوێنی کوژرانی ژنانی دیکەش بەمشێوەیە دابەشبووە:

17 ژن لە شەقام و شوێنە گشتییەکان.

8 ژن لە ناو ئۆتۆمبێلدا.

6 ژن لە ناوچە دابڕاو و چۆڵەکاندا.

4 ژن لە ناو کێڵگەکاندا.

3 ژن لە شوێنی کارەکانیاندا.

2 ژن لە نزیک ئاو، 2 لە شوێنی گشتی تر و 1 ژن لە هۆتێلدا، لە کاتێکدا شوێنی گیانلەدەستدانی 13 ژن بە نادیاری ماوەتەوە.

تەمەن و باری هاوسەرگیریی قوربانییان

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە تاوانی ژنکوژی چووەتە ناو هەموو قۆناخەکانی تەمەنەوە؛ لە کۆی قوربانییەکان، 58 ژن (39٪) تەمەنیان لە نێوان 36 بۆ 65 ساڵدا بووە، و 41 ژن (27٪) تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 35 ساڵدا بووە.

منداڵان و کچانی گەنجیش لەم ئامارە بەدەر نین؛ لەمساڵدا 3 کچی تەمەن 11 ساڵ، 2 کچی تەمەن 12-14 ساڵ، و 4 کچی تەمەن 15-18 ساڵ کوژراون (کۆتایی بە ژیانی لانیکەم 9 منداڵ هێنراوە)، لەگەڵ کوژرانی 9 ژنی گەنجی تەمەن 18 بۆ 24 ساڵ و 10 ژنی بەتەمەن (66 ساڵ و سەرووتر).

سەبارەت بە باری هاوسەرگیری کچ و ژنە کوژراوەکان، 70یان (47٪) هاوسەرگێڕانیان کردبوو، 22 ژن سینگڵ (مەڵەبێش) بوون، و زانیاری لەسەر باری هاوسەرگیریی 58 ژنی دیکە بەدەست نەهێنراوە.

پلاتفۆرمەکە لە کۆتاییدا داوای لێکۆڵینەوەی ورد و کاریگەر دەکات بۆ ئەوەی مردنی چاوەڕوانکراوی هیچ ژنێک لە تاریکیدا نەمێنێتەوە و ڕێگری لە تاوانەکانی داهاتوو بکرێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.