ئەنجوومەنی ژنانی کانتۆنی جزیرە لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی سوریا، خۆی بۆ دووەم کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ دەستەی کاروباری خێزان و دانیشتووانی سوریا لە دیمەشق ساز دەکات؛ سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش ڕایدەگەیەنێت کە دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژڤای کوردستان دەپارێزرێن.
ڕۆهات خەلیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژنانی کانتۆنی جزیرە لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی یەکەم لە دیمەشق ئەرێنی بووە و تێیدا باسی سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ڕێژەی ٪50ی نوێنەرایەتیی ژنان و یاساکانی خێزان کراوە.
گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو دووەم کۆبوونەوە لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتێکردنی قۆناغەکانی کۆتایی یەکخستنەوەکە و کردنەوەی باڵەخانەی نوێی ئەنجوومەنی ژنان لە حەسەکە."
پێشنیاری گۆڕینی ناو و پاراستنی ناوەندەکان
سەرۆکی ئەنجوومەنی ژنانی کانتۆنی جزیرە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشنیاریان کردووە ناوی دامەزراوەکەیان بۆ "ئەنجوومەنی ژن، خێزان و دانیشتووان" بگۆڕدرێت و ئەم پێشنیارەش تاوەکو ئێستا ٪90 ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر دراوە.
ڕۆهات خەلیل جەختی لەوەش کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، هیچ فەرمانبەرێک لە کارەکەی دوور ناخرێتەوە و سەرجەم ناوەندەکانی پاراستنی ژنان، دایەنگەکان و خانەی نەوجەوانان لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.
ڕوونیشیکردەوە کە نووسینگەکانی ژنان لەناو دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا کە ئێستا کارەکانیان ڕاگیراوە، لە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکەدا لەژێر چاودێریی ئەنجوومەنی ژناندا سەرلەنوێ دەکرێنەوە.
'کۆسپەکە کارگێڕی نییە، بەڵکو عەقڵییەتی کۆمەڵگەیە'
سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە، ڕۆهات خەلیل گوتی:
"لە ڕووی کارگێڕییەوە هیچ ڕێگرییەکی جددی نابینین، بەڵکو کۆسپی سەرەکی لە عەقڵییەتی پیاوسالاریی کۆمەڵگەدایە. قبووڵکردنی یاساکانی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا ئاسان نییە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین دیدگایەکی هاوبەش لە نێوان ژناندا لە سەرجەم پارێزگاکانی سوریادا دروست بکەین و ئەم یاسایانە بکەینە سیستمێکی دامەزراوەیی."
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی یەکخستنەوەی دامەزراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتیی کاتیی سووریادا بەڕێوەدەچێت.