لە چوارەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە ژنێن ئازاد ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕایگەیاند، ئەو فەلسەفەیە لە سنورەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران تێپەڕیوە و بووەتە بنەمایەکی جیهانی بۆ پێکەوەبەیستنی کۆمەڵگە و پێکهاتە جیاوازەکان لە پێناو ئازادیدا.
ڕووکەن نەغەدە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی مەزۆپۆتامیا، بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم درووشمە لە تەنها گوتارێکی سیاسی تێپەڕیوە و بووەتە زمان و فەلسەفەی فکر و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.