سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی باڵای دیپلۆماسی و سەربازیی ئیتاڵیا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامیدان به هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.
ئەمڕۆ ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە شاندێکی ئیتاڵی کرد کە پێکهاتبوو لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق؛ توماسۆ سانسۆنی، کۆنسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر؛
ڕۆزاماریا جێنۆڤێزی، سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانە؛ و کۆڵۆنێڵ دۆمینیکۆ سیرمۆن، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغدا.
لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و ئەندامانی باڵای وەزارەت ئامادەی بوون، پرسەکانی تایبەت بە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی ئیتاڵیا دوای تەواوبوونی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان تاوتوێ کران.
سەرۆکی ئەرکان سوپاسی قووڵی خۆی بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنیی ئیتاڵیا لە ڕابردوودا دەربڕی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆردا خولی مەشق و ڕاهێنانی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.
لای خۆیەوە، شاندی ئیتاڵیا دووپاتیان کردەوە کە وڵاتەکەیان بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ئایندەی هێزەکانی پێشمەرگە و لە بوارەکانی تواناسازی و پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆییدا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆکی ئەرکان سەرکەوتنی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی پێشمەرگەی لە دوو دەڤەر و 11 فیرقەی پیادەدا خستەڕوو و هیوا خواست ئیتاڵیا لە قۆناغی دوای هاوپەیماناندا بە هاوکاریی تایبەتتر بۆ بەرزکردنەوەی توانستی سەربازیی پێشمەرگە بەردەوام بێت.