هاوپەیمانیی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرەڕای ئاماژەدان بە فشاری ئەمنی، سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکات بۆ بەشداریی بەربڵاویان لە مانگرتنی گشتیی 16ی ئەیلولدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی هاوپەیمانییەکە، کە بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێکخرا بوو، مانگرتنەکە بە سەرکەوتوو وەسف کراوە.
هاوپەیمانی سوپاسی دەیان پارت، گرووپی سیاسی، ڕێکخراوی ژنان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی، هەروەها زیندانیانی سیاسی کردووە کە بە مانگرتن لە خواردن و شێوازی جیاواز پشتگیریان لە بڕیارەکە کردووە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، پێزانین بۆ پاڵپشتیی لایەن و کەسایەتییەکانی بەلۆچ، تورک، فارس، تورکمان و عەرەب دەربڕدراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هاودەنگییە گوزارشت لە پشتگیرییەکی فراوان دەکات.
هاوپەیمانییەکە دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە نوێنەرایەتیکردنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزی لە چالاکییەکانی داهاتوودا کردەوە.