نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستەڕوو و ڕایانگەیاند کە لە بەغدا کۆدەنگی لەلایەن فراکسیۆنە کورستانییەکان و ئەندامانی لێژنەی داراییەوە بۆ دامەزراندنیان دروست بووە، بە جۆرێک هەر بڕیارێکی دامەزراندن بدرێت ڕاستەوخۆ مامۆستایانی گرێبەست بگرێتەوە. لەم سەردانەدا سێ داواکاریی سەرەکییان خستووەتەڕوو:
دامەزراندنی هەمیشەیی:
دامەزراندنیان بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێت.
دابینکردنی جیاوازیی مووچە:
ئەگەر بڕگەی دامەزراندن لە یاساکە نەبوو، با حکومەتی فیدراڵ ئەو جیاوازییە کەمەی مووچە دابین بکات کە لە کاتی بەهەمیشەییکردنیان دروست دەبێت (بۆ نموونە زیادبوونی مووچە لە ٥٠٠ هەزارەوە بۆ ٧٠٠ هەزار دینار)، و مووچەی بنەڕەتیشیان هەر لەسەر داهاتی ناوخۆ بمێنێت.
جێگیرکردن لە شوێنی خانەنشینان:
ئەگەر هەردوو خاڵی پێشوو جێبەجێ نەکران، ئەوا لە بەری دانان، مامۆستایانی گرێبەست بخرێنە شوێنی ئەو ١٢ هەزار مامۆستایەی کە لە ماوەی دوو ساڵدا خانەنشین بوون.
شایەنی باسە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٧٨ هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە زۆرینەیان ۳٨ هەزار مامۆستای گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن.