ڕاستەوخۆ

پارتی دیموکراتی کوردستان: بێبەهاکردنی مادەی 140 بەتاڵکردنەوەی عێراقە لە مانای دەوڵەتبوون

reset font size increase font size

لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکوک، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، قسەکردن لەسەر نەمانی مادەی 140ی دەستوور، نابەرپرسیارانەیە و هەوڵێکە بۆ تێکدانی تەبایی و ئاڵۆزکردنی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە.

ئەم کاردانەوەیەی پارتی دوای ئەوە هات، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکوک لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو: "دەستنیشانکردنی مادەی 140 لە دوای ساڵی 2003، گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی دەوڵەتی عێراق بووە بەرامبەر بە کەرکوک".

لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، لەوانەش، ڕەتکردنەوە یان هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی مادەی 140، بە مانای بێبەهاکردنی تەواوی دەستووری عێراق دێت، کە بەوەش دەوڵەتی عێراق مانای دەوڵەتبوونی خۆی لە دەست دەدات.

پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کەرکوک دەبێت ببێتە ناوەندی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی تەواوی پێکهاتەکان و دەستوور و مادەی 140 تاکە نەخشەڕێگەی دروست و سەردەمیانەن بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی کەرکوک و سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی پارتیدا داوا لە پارێزگاری کەرکوک و تەواوی بەرپرسانی ئیداری و ئەمنیی شارەکە کراوە، بە بەرپرسیاریەتی و ژیرییەوە ڕەفتار بکەن، ڕێز لە بنەما دەستوورییەکان و مافی سەرجەم دانیشتووانی کەرکوک بگرن و کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکەن.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.