سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەرامبەر دۆخی چەقبەستووی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. داواکاری گشتی هۆشداریدەدات کە پەککەوتنی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، زیانی گەورەی بە دامودەزگا دەستوورییەکان و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان گەیاندووە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پاراستنی سەروەریی یاسا و سیستەمی گشتی لە ئەرکە سەرەکییەکانیانە، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمان دەکرێت بەپەلە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
تەوەرە سەرەکییەکانی بەیاننامەکەی داواکاری گشتی:
بەگەڕخستنەوەی دادگای پێداچوونەوە: داواکاری گشتی ئاماژەی بە ڕاگرتنی پرۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کردووە و بە مەترسیدارتر لە دۆخی پەرلەمانی وەسفکردووە. داوایکردووە دەسەڵاتی دادوەری لە ململانێی حزبی دووربخرێتەوە و ڕەچاوی ماددەی (٥٢/ بڕگەی دووەم) لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری بکرێت کە کاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغە دەکات.
پێکهێنانی کابینەی دەیەم: بەپشتبەستن بە ماددەی (١/ بڕگەی یەکەم و چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی، داوا لە لایەنەکان و فراکسیۆنەکان کراوە کار بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت بکەن.
بەردەوامیی کابینەی نۆیەم: بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی سیاسی و کارگێڕی، داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە کە تاوەکو پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی دەستووری و یاساییە بۆ ڕایی کردنەوەی کاروباری هاووڵاتییان.