لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕاسپاردە و پێشنیازی نوێی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد، کە تێیدا داوا دەکرێت سوتەمەنی هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
هەرێمی کەمال ئاغا، سەرۆکی تەمەنی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، ناوەڕۆکی نووسراوەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە لیژنەکەیان دوو پێشنیازی سەرەکیی خستووەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەنزین.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، پێشنیازی یەکەم بریتییە لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە، بە شێوەیەک کە بڕی شایستە بۆ هەر پارێزگایەکی هەرێم هاوشێوەی ئەژمارکردنی بڕەکە بۆ گشت پارێزگاکانی تری عێراق دیاری بکرێت.
سەبارەت بە پێشنیازی دووەمیش، داوا کراوە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان و بارودۆخی قەیرانەکان، لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکییەوە کە نوێنەری کۆمپانیای پاڵاوگەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی تێدا بێت.
هاوکات لە ڕاسپاردەکاندا جەخت لەسەر فرۆشتنی نەوتی خاوی ناوخۆیی بە هەرێمی کوردستان بە هەمان نرخی پاڵاوگەکانی پارێزگاکانی تری عێراق و ڕادەستکردنی نەوتی ڕەش بە هەمان ئەو میکانیزمە کراوە کە لە ناوچەکانی تری عێراقدا پەیڕەو دەکرێت.