کچێکی ئێرانی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی ساغەر غوڵامی، کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2026 لە شاری گومبەدی کاووسی پارێزگای گوڵستان دەستگیرکرابوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی لەسەرە.
سەرچاوە مافپەروەرییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، دادگای ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە و لەلایەن دامەزراوە باڵاکانی دادوەرییەوە سزاکەی پەسەند کراوە، ئەمەش وایکردووە ناوبراو لەژێر مەترسییەکی جدی جێبەجێکردنی سزاکەدا بێت.
ئەم شەپۆلە نوێیەی سزادان و لەسێدارەدان لە کاتێکدایە کە ئێران لە ململانێیەکی قورسدایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام لە ناوخۆشدا "جەنگی دژی گەلی خۆی" چڕتر کردووەتەوە.
تەنیا لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیساندا، چەندین خۆپێشاندەر بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک "دژایەتی خودا" لەسێدارە دراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دەدەن لەوەی کە سەدان دەستبەسەرکراوی دیکەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە لە مەترسیی لەسێدارەداندان، بەتایبەت دوای ئەوەی دەزگای دادوەریی ئێران داوای خێراکردنی پرۆسەی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای مردنی بۆ ئەو کەسانە کردووە کە پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە هەبووە.