لە ڕووداوێکی مێژووییدا سیاسیی وڵاتی مەغریب، پاشا محەممەدی شەشەم، پاشای مەغریب، فاتیمە زەهرا مەنسووری ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگڕێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (29ـی ئەیلوولی 2026)، وەزارەتی کۆشکەکانی پادشایەتی و پرۆتۆکۆڵ لە مەغریب لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشا محەممەدی شەشەم لە کۆشکی پادشایەتی لە شاری ڕەبات پێشوازی لە فاتیمە زەهرا مەنسووری، رێکخەری سەرکردایەتیی بەکۆمەڵی پارتی 'ئەسڵ و هاوچەرخ' (PAM) کردووە و بەپێی ماددەی 47ـی دەستوور، ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی پێسپاردووە.
سەرکەوتنی هەڵبژاردن و ڕیکۆردێکی مێژوویی
دەستنیشانکردنی مەنسووری دوای ئەوە دێت، کە پارتی 'ئەسڵ و هاوچەرخ' لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 23ـی ئەیلوولدا توانی پلەی یەکەمی بەدەستبێنێت و 97 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا مسۆگەر بکات.
بەمەش توانی پێش هەردوو پارتی دەسەڵاتداری پێشوو، واتە پارتی 'گردبوونەوەی نیشتمانیی ئازادەکان' و 'پارتی ئیستیقلال' بکەوێت و ببێتە هێزی یەکەمی پەرلەمان.
بەپێی پێکهاتەی سیاسی، فاتیمە زەهرا مەنسووری تەمەن 50 ساڵ، کە پێشتر سەرۆکی شارەوانیی مەراکش و وەزیری بووە، دەبێتە تەنها دووەم ژن لە مێژووی جیهانی عەرەبیدა کە سەرۆکایەتیی حکوومەت بکات، دوای نەجلە بۆدنی تونس.
ناوبراو لەبری فوزی لەکجا، سەرۆکی تۆپی پێی وڵات و سیاسەتمەداری باڵای هەمان حزب، بۆ ئەم پۆستە دیاریکرا.
دۆخی هاوپەیمانێتی و ئۆپۆزسیۆن
حزبەکەی مەنسووری (پام) بۆ پێکهێنانی حکوومەت و گەیشتن بە زۆرینەی ڕەها (198 کورسی لە کۆی 395 کورسی پەرلەمان)، پێویستی بە ئەنجامدانی دانوستان و پێکهێنانی هاوپەیمانیی فراوان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، لە سیستمی پادشایەتیی دەستووریی مەغریبدا کە زۆربەی دەسەڵاتەکان لە دەستی پاشادا دەمێننەوە، پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی (PJD) توانیویەتی 54 کورسی بەدەستبێنێت، و سەرکردەکەی، عەبدولئێلا بێنکیران، ڕایگەیاندووە کە پارتەکەیان لە ئۆپۆزسیۆندا دەمێنێتەوە و بەشداریی لەو هاوپەیمانێتییەدا ناکات.
ناسنامەی سەرۆکوەزیرانی نوێ
فاتیمە زەهرا مەنسووری جگە لەوەی پارێزەرێکی ڕاهێنراوە و لە زانکۆی محەمەد پێنجەم لە ڕەبەت و دواتر لە فەرەنسا و ئەمریکا لە بواری بازرگانی و یاسای کۆمپانیاکاندا خوێندوویەتی، لە لێدوانەکانیدا هەمیشە ڕەتیکردووەتەوە بە "ژنێکی پۆڵایین" نابرێت و خۆی بە "چالاکوانێکی ئازاد" وەسف دەکات.