پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فرەنەتەوەیی ژنان دەڵێن، ئەم شەڕانەى ناوچەکە تەنها بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی گەلانە، نەک بۆ ئازادییان.
دەشڵێن، شەڕ لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، ژیانی هاوڵاتیان دەکرێتە ئامانج، چونکە دەبێتە پاساوێک بۆ دەسەڵاتداران تا فشارەکانیان لە ناوخۆدا زیاد بکەن و لە ئێستاشدا بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت، هەڵمەتێکى نوێی دەستگیرکردن و دەرکردنی سزای قورسی وەک لەسێدارەدان لە ئێران دەستی پێکردووە.
باسلەوەشکراوە: بێدەنگی جیهان لە ئاست چارەنووسی زیندانیانی سیاسی دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی، لە بەرامبەریشدا داوای بەهێزکردنی هەڵمەتی «نا بۆ لەسێدارەدان» دەکەین و ئەمە تەنها بەرگری لە چەند کەسێک نییە، بەڵکو بەرگرییە لە کەرامەتی مرۆڤ و مافی ژیان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، داوا لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانان دەکەین کە ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکەن.