ڕاستەوخۆ

ژنێکی کورد بۆ چوارەم جار کاندیدی پەرلەمانی سویدە

reset font size increase font size

لاوێن ڕێدار (Lawen Redar)، ژنێکی کورد و ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید، بۆ سێ خولە ئەندامی پەرلەمانی سوید (ریکسداگ) بووە و جارێکی تر لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٦دا لە لیستی سۆسیال دیموکراتەکان کاندیدە.

هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید بڕیارە لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەبچن. لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەران نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان هەڵدەبژێرن.

لاوێن ٣٧ ساڵە و لە ستۆکهۆڵم ولە بنەماڵەیەکی کەرکووکی هاتوەتە دنیاوە، دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی ستۆکهۆڵمە و پێش دەستپێکردنی کاری پەرلەمانی، لە ڕێکخراوی سویدی ڕزگارکردنی منداڵان کاری کردووە.

لە پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیدا، ڕەدار جەخت لەسەر بەهێزکردنی ئاسایش و کەمکردنەوەی ناوچە پەراوێزخراوەکان لە ستۆکهۆڵم دەکاتەوە.

باوکی لاوێن لە دژی ڕژێمی سەدام حوسێن چاڵاکی سیاسی بووە و لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا خوێندنی زانکۆی بەغدای بەجێهێشتووە، دواتر لە سوید نیشتەجێ بووە.

لاوێن دەڵێت خەبات و تێکۆشانی دایک و باوکی بۆ ئازادی، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر هەڵبژاردنی ڕێگای سیاسیی خۆی هەبووە و کاری سیاسی بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەبینێت.

سۆسیال دیموکراتەکان لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، ڕێگری لە کێشانەوەی گەنجان بۆ باندە تاوانکارییەکان، چاکسازیی سیستەمی پەروەردە و باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە بابەتە سەرەکییەکانی خۆیان دادەنێن.

بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردنی سوید، حیزبێک بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە پەرلەمان پێویستی بە لانیکەم ٤٪ی دەنگەکانی ئاستی نیشتیمانی هەیە.

ئەگەر حیزبێک ئەم ڕێژەیە لە ئاستی نیشتیمانی بەدەست نەهێنێت، بەڵام ١٢٪ی دەنگەکان لە یەک ناوچەی هەڵبژاردندا بەدەستبهێنێت، دەتوانێت کورسییەکی پەرلەمانی لەو ناوچەیە بەدەستبهێنێت.

لە سویددا ئاماری فەرمیی کاندیدەکان بە پێی ڕەچەڵەک یان نەتەوە بڵاوناکرێتەوە، بەڵام کاندیدە کوردەکان لە لیستە هەڵبژاردنییەکانی چەندین ناوچە و شارەوانی بەشداری دەکەن.

بەشداریی لاوێن ڕێدار لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٦دا، نموونەیەکە لە بەشداریی سیاسیی کوردانی نیشتەجێی سوید لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنیی ئەو وڵاتە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.