ڕاستەوخۆ

نەتەوە یەکگرتووەکان: یاسای نوێی تاڵیبان بۆ جیابوونەوە، جیاکاری دژی ژنانی ئەفغانستان قووڵتر دەکاتەوە

reset font size increase font size

نوسینگەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یوناما) لەبارەی دەرچوونی "یاسای جیابوونەوەی هاوسەران" لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە "نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی" و ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچانی ئەفغان.

پێشتریش زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە کاردانەوەی بەم ڕەخنانە گوتبووی، ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە نوێ نین و "نابێت هیچ بایەخێکیان پێ بدرێت."

یوناما ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم یاسایە لە چوارچێوەیەکی تەواو نادادپەروەرانەدا کار دەکات؛ چونکە لە کاتێکدا پیاوان مافی یەکلایەنەی تەڵاقدانیان هەیە، ژنان دەبێت بۆ جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان بە ڕێڕەوە ئاڵۆزەکانی دادگادا بڕۆن.

 ئەم دۆخەش جیاکاریی پێکهاتەیی بەهێزتر دەکات و سەربەخۆیی ژنان لە بابەتەکانی وەک کەرامەت، ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا سنووردار دەکات، بەتایبەت کە لە حاڵەتی توندوتیژیی خێزانیی توندیشدا، یاساکە تەنیا 15 ڕۆژ زیندانی بۆ هاوسەرە سەرپێچیکارەکان دادەنێت.

لە بەرانبەردا، زەبیحوڵڵا موجاهید ڕایگەیاند کە ئەوان "وەک موسڵمان" نابێت هیچ بایەخێک بە ناڕەزایەتیی نەیاران بدەن، چونکە بە گوتەی ئەو لە یاساکانی ئیماراتی ئیسلامیدا هیچ بڕیارێک دژی شەریعەت و فیقهی حەنەفی دەرناچێت.

 سەبارەت بە ولایەتی باوک و باپیر بەسەر منداڵەوە، گوتەبێژی تاڵیبان گوتی ئەمە حوکمی شەرعە و ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر منداڵەکانیان هەیە بەو مەرجەی میهرەبان و تەندروست بن و ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر نەبن.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر باوکێک کچەکەی بە فەرمی بەشوو بدات، هاوسەرگیرییەکە ڕەوایە، هەرچەندە ئەمە بە واتای هاندانی ئەو کارە نایەت.

جۆرجێت گانیۆن، بەرپرسی یوناما هۆشداری دەدات کە ئەم بڕیارە جیاکارییەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ قەدەغەکردنی خوێندنی ناوەندی و باڵای کچان و سنووردارکردنی کارکردنی ژناندا یەکدەگرێتەوە.

یوناما نیگەرانە لەوەی کە تەرخانکردنی بەشێک لە یاساکە بۆ جیابوونەوەی کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ، بە ناڕاستەوخۆ بە واتای بەڕەواڵەتناسینی هاوسەرگیریی منداڵان دێت، و لێکدانەوەی بێدەنگبوونی کچیش وەک "ڕەزامەندی"، پرەنسیپی ئازادیی هەڵبژاردن لەناو دەبات.

ئەم یاسایە کاردانەوەی توندی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت ماددەکانی 5، 6، 7 و 9؛ ڕەخنەگران دەڵێن ماددەی پێنجەم ڕێگە بە شوودانی منداڵ دەدات و کچەکە ناتوانێت بەبێ بڕیاری دادگا گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە. 

هەروەها جەخت دەکەنەوە کە بێدەنگبوونی کچ لەوانەیە بەهۆی ترس و گوشارەوە بێت نەک ڕەزامەندی، هەروەها مافەکانی ژنان لە حاڵەتی توندوتیژیی خێزانیدا بە تەواوی پەکخراوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.