ڕاستەوخۆ

دادگایەکی ئێران دوو خوشکی کورد بە تۆمەتی"پڕوپاگەندە دژی سیستەم" تۆمەتبار دەکات

reset font size increase font size

دادگایەکی ئێران دوو خوشکی خەڵکی شاری مەهابادی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی سیستەم” و بەهۆی ئەندامبوونیان لە گرووپێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرامدا تۆمەتبار کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی شەپۆلی دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەریەک لە ڕۆیا و پەری سەمەنی لەلایەن لقی یەکی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی مەهابادەوە ئەو تۆمەتەیان ئاراستە کراوە و دواتر بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون، بێ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی تۆمەتەکەیان بخەنە ڕوو.

جێی باسە پێشتر لە ٢٦ی ئابدا هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانیاندا گرتووە.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە چەند هەفتەیەکی کەم ماوە بۆ چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، و لەم چوارچێوەیەدا چەند پێشهاتێکی تری مافەکانی مرۆڤ تۆمار کراون:

ئاماری دەستگیرکردنەکان:

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە مانگی ئابدا لانی کەم ١١٧ کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیر کراون، کە ٧٥ کەسیان (واتە ٦٤٪ی کۆی گشتی) کورد بوون، لە نێویاندا ٢٠ ژن و دوو منداڵ هەن.

سزادانی ڕۆژنامەنووسان:

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی کوردپا، شیڤا زارعی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کوردی خەڵکی قەسری شیرین، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە ئینستاگرام و "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت"، بە بڕی ٥٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی دراوە.

هۆشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان:

لە سەرەتای مانگی ئابدا، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کۆتایی بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدانی کەمینە نەتەوەییەکان، بەتایبەتی کورد و بەلۆچ بهێنێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.