ڕاستەوخۆ

چیرۆكی ده‌ستدرێژی و ڕفاندنی ژنانی عەلەوی له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سوریاوه‌

reset font size increase font size

ڕامیا لە ڕۆژێکی گەرمی هاویندا خۆی بۆ چونەدەرەوەیەکی خێزانیی لە گوندەکەی خۆی لە پارێزگای لازقییە لە ڕۆژئاوای سوریا ئامادە دەکرد، لەپڕ ئۆتۆمبێلێکی سپی لەبەردەمیدا وەستا و ڕفاندی.

"سێ چەکدار دابەزین و گوتیان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتین و منیان ڕاکێشایە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە".

ڕامیا دەڵێت، ئەوکاتەی هەستم کرد ڕفاندویانم، دەستم بە گریان و هاوار کرد و ئەوانیش بەتوندی لییاندام.

یەکێکیان پرسیاری ئەوەی لێکرد ئایا من سوننەم یان عەلەوی؟  کاتێک گوتم عەلەوی دەستیان کرد بە سوکایەتیکردن بە دینەکەم و دەستدرێژی.

ڕامیا یەکێکە لەو دەیان ژنەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 ڕفێنراون.

ڕێکخراوی لۆبی فێمینیستی سوری، کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە مافەکانی ژنان، ڕایدەگەیەنێت، لە بەدواداچونەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە زیاتر لە 80 ژن بێسەروشوێن بوون، دەشڵێت 26 لەو حاڵەتانەیان وەک ڕفاندن پشتڕاستکردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی هەموو ئەو ژنانەی ونبوون، عەلەوییەکانن، کە لقێکی ئیسلامی شیعەیە و نزیکەی لەسەدا 10ی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنێت.

دوو ژنی عەلەوی و بنەماڵەی سێ ژنی دیکە وردەکارییەکانی ڕفاندن و دەستدرێژیکردنیان لەگەڵ بی بی سی باسکردووە و ناوەکانیان گۆڕدراون بۆ پاراستنی نهێنی و ئاسایشیان.

هەموویان وتوویانە ئاسایشی گشتی حکومەتی کاتی نەیتوانیووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەربارەی دۆسسیەکانیان ئەنجام بدات. یەکێکیان دەڵێت ئەفسەرەکان گاڵتەیان پێکردووە کاتێک چووە سکاڵای تۆمارکردووە و چیرۆکەکەی باسکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، وەزارەتەکەیان لێکۆڵینەوەی لە 42 سکاڵای ڕفاندن کردووە و جگە لە یەک دانەیان کە پشتڕاستی کردووەتەوە ڕفاندن بوبێت هەموو ئەوانەی دیکەی بە "درۆ" ناوبردووە و گوتویەتی پڕوپاگەندەی ناو سۆشیاڵ میدیان.

کاتێک بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە پەیامنێرانی بی بی سی پەیوەندیان بە وەزارەتەکەوە کردووە، پێیان ڕایگەیاندوون هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەن، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، بەڵێ ڕاستە ڕفاندن ڕوویداوە، لەنێویاندا هەندێک لە لە ئەندامانی دەزگای ئەمنی بەشداربوون  کە بە وتەی خۆی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

ڕامیا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکە خەمناکەکەیدا دەڵێت، لە ژوورێکی ژێرزەمیندا زیندانی بووە کە تەنها جێگەی نوستن و تەوالێت و کۆندۆمی تێدابووە.

سەرەڕای دەستدرێژییەکان ناچاریان کردووە بەتەواوی جەستەی داپۆشێت و نیقاب لەبەر بکات، به‌جۆرێك تەنها چاوەکانی دیاربێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستبەسەرکراوە و جارێک هەوڵی هەڵهاتنی داوە و دووجاریش هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ڕامیا وتی ژنێک کە لە هەمان بینادا دەژیا و وتی هاوسەری ڕفێنەرەکە بوو، وێنەیەکی نیمچە ڕوتی منیانگرت و وێنەکەیان بۆ دیاریکردنی نرخی فرۆشتنم بەکارهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە پێی وتووە "زۆر" کەسی دیکە پێش خۆی ڕفێنراون و هەندێکیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ئازادکراون، هەندێکی دیکەش "فرۆشراون".

نەسما، دایکێکە و لە سییەکانی تەمەنیدایە، ژنێکی دیکەی قوربانییە کە چیرۆکەکەی بۆ بی بی سی گێڕاوەتەوە، لە گوندەکەی خۆیەوە لە پارێزگای لازقییە و بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤان ڕفێندراوە.

ئەو باسی لەوەکردووە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لە ژوورێکدا ڕاگیراوە تەنها پەنجەرەیەکی بەرزی هەبووە و پێدەچێت کارگە بووبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە لایەن سێ کەسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە سەبارەت بە خەڵکی گوندەکە و هەر پەیوەندییەک بە ڕژێمی پێشووەوە.

نەسما دەلێت، دەستگیرکارەکان هەموویان دەمامکیان لەسەردابوو و بە زاراوەیەکی سوری بە زمانی عەرەبی قسەیان کردووە، پێیان وتووە: "ژنانی عەلەوییەکان بۆ ئەوە دروستکراون کە سەبایە بن" زاراوەیەکی عەرەبی کۆنە بە واتای "دیلەکانی مێینە" کە هەندێک لە توندڕەوە ئیسلامییەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئاماژەکردن بەو ژنانەی وەک کۆیلەی سێکس مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

نەسما ڕاگەیاندووە، کاتێک ئازاد بووە و پەیوەندی بە ئەفسەرانی ئەمنیەوە کردووە بۆ ئەوەی سکاڵا تۆماربکات ئەوان بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و بێڕێزیانە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە و تەنانەت هەڕەشی ئەوەیان لێکردووە لای کەس باسی چیرۆکەکەی نەکات و بڵێت لە گەشت بووم.

دواتریش لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە پەیوەندییەکی هەڕەشە ئامێزیان پێگەیشتووە و پیێان وتراوە"ئەگەر قسە بکەن باجەکەی دەدەن" بۆیە بڕیاریانداوە دا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

دایکی نەسما دەڵێت، کچەکەم لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەژی و ترسی ئەوەی هەیە ئەوەی بەسەریدا هات دووبارەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیرییەکی تێکچووە، نەسما دەڵێت “لە خەودا هاوار دەکەم" هەرچەندە سەردانی چارەسەرکاری دەرونی دەکەم بەڵام هێشتا کێشەی خەوتنم هەیە و ناتوانم ئارامی بدۆزمەوە.

سەرچاوە: بی بی سی - فارسی

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.