پیتەر مەگیار، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا پلانی خۆی ڕاگەیاند بۆ داواکردن لە جودیت پۆلگار، کە بە مەزنترین یاریزانی شەتڕەنجی ژن لە مێژوودا دادەنرێت، تاوەکو پۆستی سەرۆککۆماری وڵاتەکە وەربگرێت.
مەگیار ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی دوشەممە لەگەڵ پۆلگار کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە. سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "وڵاتەکەمان پێویستی بە یەکێتی، ئاشتی و سەرۆکێکە کە هەموو هەنگارییەکان شانازیی پێوە بپێون".
هەروەها گوتی: "ناوی جودیت پۆلگار بۆ چەندین دەیەیە بووەتە هاوواتای بەهرەمەندی و کۆڵنەدان".
ئەم ڕاگەیاندنەی مەگیار دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین مانگەی نێوان سەرکردە نوێیە هەڵبژێردراوەکە و تاماس سولیۆک هات، کە سەرۆککۆمارێک بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی ڤیکتۆر ئۆرباندا دەستنیشانکرابوو.
لە دوای سەرکەوتنە گەورەکەی لە هەڵبژاردنەکانی نیساندا، مەگیار بەردەوام داوای لە سولیۆک دەکرد دەستلەکاربکێشێتەوە و تۆمەتباری دەکرد بەوەی "بووکەڵەی" ئۆربانە.
پێشنیاری کاندیدکردنی پۆلگار بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی نامەیەکی کراوەوە هات کە لەلایەن 16 کەسایەتیی دیاری هەنگاریاوە واژۆ کرابوو، لەوانە ئێرنۆ ڕوبیک، داهێنەری یاریی بەناوبانگی شەشپاڵووی ڕوبیک.
جودیت پۆلگار کە لە بوداپێست لەدایکبووە و دوای چەند ڕۆژێکی دیکە تەمەنی دەبێتە 50 ساڵ، بۆ ماوەی 25 ساڵ لە ئاستی یەکەمی ژنانی جیهاندا بوو تاوەکو لە ساڵی 2014دا وازی لە یارییەکە هێنا.
لە تەمەنی 15 ساڵیدا بووە گەنجترین مامۆستای گەورە (Grandmaster) لە جیهاندا و ڕیکۆردەکەی ساڵی 1958ی بوبی فیشەری شکاند. لە سەردەمی پیشەگەرییدا، سەرکەوتنی بەسەر چەندین پاڵەوانی جیهانی پیاواندا بەدەستهێنا، لەوانە گاری کاسپارۆڤ لە ساڵی 2002دا.
بەسەرهاتی سەرکەوتنەکانی لە بەڵگەفیلمێکی نێتفلیکسدا لە ساڵی 2026 بە ناوی "Queen of Chess" بڵاوکرایەوە.