زیاتر لە 110 براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە نامەیەکی کراوەدا داوای "ئازادکردنی بێ مەرج"ی نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێرانی دەکەن و هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی دەبێتە هۆی گەیشتنی "زیانی قەرەبوونەکراوە" بە تەندروستی ناوبراو.
ئەم 113 براوەیەی خەلاتی نۆبڵ جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت سەرجەم "تۆمەتە نادادپەروەرانەکان" لەسەر نێرگز محەمەدی لاببرێن کە لە ساڵی 2023دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەهۆی "تێکۆشان دژی چەوسانەوەی ژنان لە ئێران" پێبەخشرا.
جێی باسە، بە گوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، نێرگز محەمەدی لەم دواییانەدا تووشی دابەزینی کێش، ناجێگیری پەستانی خوێن و نۆبەی دڵ بووە و بێبەشکردنی لە چارەسەری پسپۆڕانە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە.
ماریا ڕێسا، ڕۆژنامەنووسی براوەی نۆبڵ، دەلێت،" ڕژێمێک ئامادە بێت جەستەی ئەو بشکێنێت لەبری ئازادکردنی، نیشانی دەدات کە دیکتاتۆرەکان لە هیچ شتێک هێندەی ئەو ژنانە ناترسن کە ڕاستی دەڵێن و بێدەنگ نابن"
نێرگز محەمەدی کە چەندین دەیەیە بۆ ئازادیی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین خەبات دەکات، تا ئێستا چەندین جار دەستبەسەر کراوە و بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی نێرگز محەمەدی، لە ماوەی ژیانیدا سزای زیاتر لە 44 ساڵ زیندانی و 154قامچی بەسەردا سەپێنراوە.