ڕاستەوخۆ

11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی پیرسوس تێپەڕی

reset font size increase font size

ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ناوچەی پیرسوسی سەر بە پارێزگای ڕحا لە باکووری کوردستاندا تێپەڕیی، کە تێیدا لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژیدا 33 گەنجی ئەندامی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیست گیانیان لەدەستدا.

ڕوداوەکە لە کاتێکدا بوو، نزیکەی 300 گەنج لە باخچەی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئامارا بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری و پێداویستی بۆ منداڵان و خەڵکی کۆبانێ کۆببوونەوە و سەرقاڵی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەو کاتەی تورکیا، هێرشبەرەکە کەسێک بووە بە ناوی عەبدوڵڕەحمان ئالاگۆز، کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە هەبووە.

ڕوداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئامادەیی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، بەو هۆیەوە ڕووداوەکە بووە مایەی دروستبوونی گومان و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی جەماوەری لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا. هاوکات خێزانی قوربانییەکان و چالاکوانان هێزە ئەمنییەکانی تورکیایان بە کەمتەرخەمی و ئاسانکاری بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.

لەگەڵ تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا، تا ئێستاش گومانەکان سەبارەت بە دۆسیەکە بێ وەڵام ماونەتەوە و بکەرانی سەرەکی بڕیارەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

ساڵی 2021 دادگای تورکیا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر کەسێک بە ناوی یەعقوب شاهیندا سەپاند بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئەنجامدەری هێرشەکە، بەڵام ئەم بڕیارەش نەبووە مایەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان و دۆسیەکە لەلایەن بنەماڵەی قوربانییانەوە بە کراوەیی هێڵراوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.