ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و دادوەریییەکان بۆ سەر شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) لە تورکیا بەردەوامن، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 31 کەس لە شارەوانیی ئێزمێت دەرچوو، کە سەرۆکی شارەوانیشی تێدایە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارەکە بە تۆمەتی "دامەزراندنی ڕێکخراوی تاوانکاری"، "وەرگرتنی بەرتیل" و "ساختەکاری و دەستکاری لە تەندەرەکاندا" دەرچووە. لە نێو ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، فاتمە کاپلان هوریەت سەرۆکی شارەوانیی ئێزمێت، موراد هوریەتی هاوسەری و گۆکهان ئەرجان سەرۆکی لقی جەهەپە لە ئێزمێتن. دوای بڕیارەکە، هێزە ئەمنییەکان ڕێکاری توندیان لە دەوروبەری باڵەخانەی شارەوانی گرتووەتە بەر و چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو باڵەخانەکە قدەغە کردووە.
داواکاری گشتیی ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای گوتەی تۆمەتباران، دانپێدانانەکانی پەیوەندیدار بە پەشیمانبوونەوە و گوتەی شایەتحاڵە شاراوەکان بەڕێوەدەچن.
هاوكات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە گومانەکانی پەیوەست بە چەندین تەندەری شارەوانی و پرۆسەکانی پێشبڕکێی پەیوەندیدار بە وردی لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت.