فەرماندەیی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ نشەممە، 26ی ئەیلولی 2026، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە دەریای ئیجە، 28 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون و سێ کەسیش بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەر کراون.
لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا لە کەناراوەکانی قەزای گۆکچەئادا لە پارێزگای چاناککاڵە، دوای وەرگرتنی زانیاری، تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان بەلەمێکی چووپیان ڕاگرت و 14 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکرد، دوویان منداڵ بوون.
هاوکات لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە کەناراوەکانی سەفەریهیار، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بەلەمێکی دیکەی چووپ ئاشکرا کرا و تیمەکان چوونە شوێنەکە و 14 کۆچبەری دیکەیان دەستگیرکرد. کۆچبەرەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی پارێزگاکە کراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ تۆمەتبارەکان لەلایەن جەندرمەوە بەردەوامە.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە دەریای ئیجە مەترسییەکی بەردەوامی لەسەر ژیانی کۆچبەران دروست کردووە؛ وەک لە 26ی تشرینی دووەمی 2025دا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە سنوورە ئاوییەکانی قەزای کارابورون لە پارێزگای ئیزمیر، دوو کۆچبەر خنکان و 17ی دیکەش ڕزگار کران.
بە گوێرەی ئامارەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، لە ساڵی ڕابردوودا تیمەکانیان 75,785 جار دەوریەی گەڕانیان ئەنجامداوە، کە تێیدا توانراوە 27,098 کۆچبەر ڕزگار بکرێن و 277 قاچاخچیش دەستگیر بكرێن، لە کاتێکدا 38 کۆچبەر لە هەوڵی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەستداوە.