لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پڕۆژەیەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی بۆ فراوانکردنی باخەکانی خورما لە شارەکانی قەسری شیرین، سوومار و نەفتشار جێبەجێ دەکرێت، بە ئامانجی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و بڕەودان بە هەناردەکردنی بەرهەمەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بەپێی پلانە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا بڕی 4,500 تۆن خورما بەرهەم بهێنرێت. لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، بڕیارە هەر لەمساڵدا 600 هێکتار زەوی و لە ماوەی دوو ساڵی داهاتووشدا سێ هەزار هێکتاری دیکە بخرێنە سەر ڕووبەری باخەکانی خورما.
لە ئێستادا ناوچەکە ڕووبەرێکی فراوانی هەیە کە بەرەو گەشەکردنی زیاتر دەچێت، و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو جۆری داڕێژراوی خورما لە باخە کۆنەکانی قەسری شیریندا بەرهەم دەهێنران.
لە باخە نوێیەکاندا کار لەسەر چاندنی سێ جۆری باڵا و جیهانیی خورما دەکرێت کە کوالێتییەکی بەرزیان هەیە و لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا خواستی بەرچاویان لەسەرە، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی ئاسانکارییە بۆ ئەوەی بەرهەمی خورمای ناوچەکە بە خێرایی و بە کوالێتییەکی بەرزەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت.