ئەمڕۆ ساڵڕۆژی یەکێک لە دیارترین ڕووداوە سیاسی و جەماوەریییەکانی مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە کۆچی مێژووییی خەڵکی مەریوان لە ساڵی 1979ی هەتاویدا ناسراوە.
لەو ڕووداوەدا، دوای زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ لەناو ناوچە ئاوەدانەکاندا، زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی شاری مەریوان بە بڕیارێکی جەماوەری شارەکەیان چۆڵ کرد و بەرەو گوند و دارستانەکانی دەوروبەری شارەکە بەڕێ کەوتن.
ئامانجی سەرەکیی ئەو هەنگاوە، ڕێگریکردن بوو لە ڕوودانی شەڕ و وێرانکاری لە ناو کۆڵان و شەقامەکانی شارەکەدا، هەروەها گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی بوو بە شێوازێکی تەواو مەدەنی و ئاشتییانە. ئەم بڕیارە جەماوەرییە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دروست کرد، بە جۆرێک سەدان هاووڵاتی لە شارەکانی سنە، مەهاباد، سەردەشت، سەقز، بانە و بۆکان بۆ پشتیوانیکردنی داواکارییەکانی خەڵکی مەریوان، ڕێگەی زیاتر لە 180 کیلۆمەتریان بڕی و گەیشتنە کەمپێکی دەرەوەی شار.
کۆچی مێژووییی خەڵکی مەریوان لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا وەک نموونەیەکی بێوێنەی خەباتی مەدەنی تۆمار کراوە، کە توانرا لە ڕێگەیەوە گیانی هەزاران هاووڵاتی لە جەنگێکی خوێناوی بپارێزرێت و داواکارییە ڕەواکانی جەماوەر بە دەسەڵاتداران بگەیەنرێت.