ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ناوچەی شاخاویی قەڵاڕەنگ لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە هۆی سووتانی سەدان دۆنم دارستان و لەوەڕگە.
ڕووداوەکە لە کاتژمێر 16:00ی پاشنیوەڕۆی دوێنێوە دەستی پێکرد و دوای 14 کاتژمێر هەوڵی بەردەوامی ژینگەدۆستان و دانیشتووانی ناوچەکە، لە کاتژمێر 6:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە تەواوی کۆنتڕۆڵ و کوژێنرایەوە.
عەلیرەزا محەممەدی، بەرپرسی پاراستنی ژینگەی ئیلام بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاند، تیمە خۆبەخشەکان و هاووڵاتییان هێشتا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە تاوەکو چاودێریی ڕەوشەکە بکه ن و ڕێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە بگرن.
بەرپرسی پاراستنی ژینگەی ئیلام سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاماژەی بەوە کرد، گومان دەکرێت بەهۆی دەستتێوەردانی هەندێک کەسەوە بووبێت، کە بە مەبەستی دروستکردنی خەڵوز چوونەتە ناوچەکە.
ناوچەی شاخاویی قەڵاڕەنگ ناوچەیەکی پارێزراوی ژینگەیییە لە پارێزگای ئیلام، کە بەسەر شارەکانی ئیلام و سیرواندا دەڕوانێت و زۆربەی ڕووبەرەکەی بە داربەڕوو داپۆشراوە.