بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراو و ئاژانسەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی پارێزگای ئیلامدا سەپاندووە، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.
زیندانییە سزادراوەکە ناوی (مەهدی ڕۆشنی)یە و خەڵکی ناوچەی مەلەکشایە لە پارێزگای ئیلام. ناوبراو لە زستانی ڕابردوودا و لە میانی ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و ڕەوانەی گرتوخانە ئەمنییەکان کرابوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پاش تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر هۆکاری تۆمەتەکان، پرۆسەی دادگاییکردن و ناوی ئەو دادگایەی سزاکەی دەرکردووە نەداوە و دۆخی یاسایی ناوبراو بە ناڕوونی ماوەتەوە.