ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لە پەیامێکی تونددا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، وەڵامی سووکایەتییەکانی ئەحمەد ئاریایی نەژاد، پەرلەمانتاری ئێرانی دایەوە، کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەرامبەر گیانلەدەستدانی کچەکەی بێڕێزیی کردبوو.
ئەحمەد ئاریایی نەژاد، پەرلەمانتاری ڕژێمی ئێران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتبووی: "ژینا چووەتە دۆزەخەوە و هەشت مانگ ئاڵۆزی دروست بوو، کەچی خاشقچی پارچەپارچە کرا کەس دەنگی نەهات."
لە وەڵامدا ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، وێڕای ئاماژەدان بە نزیکبوونەوەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی کچەکەی نووسیویەتی: "دەڵێن فریشتە نازدارەکەی ئێمە چووەتە دۆزەخەوە؟ زمانتان ببڕێت، ئێوە کە وڵاتێکتان وێران کردووە و ناردووتانە بۆ دۆزەخ، نە خاوەنی عەقڵن و نە سەرەسوژنێک شەرمتان تێدایە."
باوکی ژینا ئاماژەی بەوەش کردووە، ژیانی کچەکەی تەنیا میهرەبانی بووە بۆ دەوروبەری و ژیانە کورتەکەی بووەتە "موعجیزەیەک و ساڵانێک لە ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران." گوتیشی: سووکایەتیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هیچ لە بەها و پێگەی بەرزی کچەکەیان کەم ناکاتەوە، لە کاتێکدا وڵات بەهۆی بڕیارەکانی ئەوانەوە نوقمی قەیران بووە، کەچی هێشتا هێرش دەکەنە سەر کچەکەیان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەمجەد ئەمینی جەختی کردەوە: "ناوی کچەکەمان، لەگەڵ ناوی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دیکە، تا ئەبەد لە مێژووی ئەم وڵاتەدا بە نەمری دەمێنێتەوە."