دادگای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی لە عێراق بە ئامادە نەبوو، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ عەمار جەبر خەلیل، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین دەرکرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا و زیادبوونی گوماناویی سەرمایەکەی.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، دادگا جگە لە سزای زیندانیکردنەکە، بڕیاری داوە بە سەپاندنی سزایەکی دارایی بە بڕی یەک ملیار و 728 ملیۆن و 74 هەزار دینار بەپێی یاسای هەموارکراوی دەستەی دەستپاکی، کە هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ بڕی ئەو سەرمایەی بە ناڕەوا بەدەستی هێناوە، هاوکات پابەندیشی کردووە بە گەڕاندنەوەی هەمان بڕە پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
لە حالەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، نە گەڕاندنەوەی پارەکە و نەدانی سزاداراییەکە لە دوای بەسەرچوونی ماوەی زیندانییەکەشی نابێتە هۆی ئازادکردنی، تاوەکو تەواوی بڕە پارەکە بە خەزێنەی دەوڵەت نەگەڕێنێتەوە.
دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتبارەکە و هاوسەرەکەی پەسەند کردووە، هەروەها بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی کوڕەکەشی داوە.