جارید کۆشنەر، راوێژکار و نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی غەزە، لە شاری عەلەمەین لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسڕ کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی ئاشتی و قۆناغی دوای جەنگ لە کەرتی غەزە، ئەوەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەی خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی حەماس لەگەڵ حەسەن رەشاد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسڕ.
محەممەد شێناوی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی میسڕ ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی سیسی و کوشنەر جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواوی لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کردووەتەوە. کۆشنەر و خەلیل حەییە بە جیاوازی لە شاری عەلەمەین زنجیرەیەک گفتوگۆیان ئەنجامداوە تاوەکو ڕێگەچاره بۆ بەربەستە سەرەکییەکان بپۆزرێتەوە، بەتایبەت پرسی داماڵینی چەکی حەماس و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل.
سەرەڕای ئەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەممووزدا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانی بە لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بە ناوی (لیژنەی نیشتمانی بۆ کارگێڕیی غەزە)، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە تووندی پلانەکەی ڕەتکردووەتەوە. لای خۆشییەوە، شاندی حەماس بەرپرسانی میسڕی لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ئاگادار کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە، ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەر کاتێک ئیسرائیل پابەندبوونی خۆی ڕابگەیەنێت.
لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان شاندی حەماس، بەرپرسانی ئەمریکی و نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای بۆردی ئاشتی، تاوەکو ڕێگەچارەیەک بۆ لادانی کۆسپەکان بدۆزرێتەوە، هاوکات نێوەندگیرەکانی میسڕ، قەتەر و تورکیاش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و بڕیاریشە دوای سەردانەکەی میسڕ، کوشنەر بەرەو ئیسرائیل بەڕێبکەوێت.
بۆردی ئاشتیی غەزە دەستەیەکە لە 29 سەرکردەی جیهان پێکهاتووە و لە شوباتی 2026 لەلایەن ترەمپەوە بۆ جێبەجێکردنی نەخشەرێگەیەکی 15 خاڵی دامەزراوە، کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات، داماڵینی چەکی حەماس، پێکهێنانی هێزی جێگیرکردنی نێودەوڵەتی، کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیل و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە.