هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات: نابێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تەنیاچاوەڕێی گۆڕانکارییەکان بێت
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، دەبێت بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەرانبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان بەیەکگرتوویی سیاسی و ئامادەکاری مەیدانی، مافەکانی دەستەبەر بکات.
هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەئێستادا ئێران لە قۆناغێکی هەستیار و وەچەرخاندایە، حکومەتی ئێرانیش بەهۆی گوشار و سزا ئابورییەکان و کاریگەرییەکانی شەڕەوە، توانای کۆنتڕۆکردنی سەرجەم ناوچەکانی وڵاتەکەی لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، نابێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەتەنیا چاوەڕێی گۆڕانکارییەکان بکات و دەبێت بە پلانێکی ڕوون و ستراتیژییەکی تۆکمەوە خۆی بۆ پەرەسەندنە سیاسییەکان ئامادە بکات.
ئەوەش هاتووە، هاوپەیمانییەکەیان دۆسیەکی تایبەت لەسەر تاوانەکانی حکومەتی ئێران و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەپێناو پێشکەشکردنی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەکات.