ڕاستەوخۆ

هاوسەرۆکی پژاک: دەبێت تورکیا واز لە دژایەتیی کورد بهێنێت

reset font size increase font size

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگی سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا، پرۆسەی ئاشتی، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە و پرسی چەکدانانی داوەتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە"

"تورکیا دەیەوێت پرۆسەکە بۆ چەکدانان کورت بکاتەوە"

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تورکیا دەیەوێت پژاک چەک دابنێت، ئەمیر کەریمی ڕایگەیاند: "تورکیا بەم گوتارانە دەیەوێت پرۆسەکە تەنها بۆ چەکدانان کورت بکاتەوە. لە کاتێکدا کورد بڕیارێکی ستراتیژییان داوە و دەیانەوێت لە سیاسەتی لەناوبردن و ڕەتکردنەوەوە بگوێزنەوە بۆ تێکۆشانی سیاسی و بەشداری لە سیاسەتی دیموکراتیکدا. تێکۆشانی نوێ پێویستی بە خەباتێکی زۆر گەورە هەیە. ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە و ئێمەش ئەم ستراتیژە پەسەند دەکەین."

کەریمی ڕەخنەی لە داواکارییەکانی ئەنقەرە گرت و گوتی: "بەڵام ئێستا مشتومڕێکیان لەسەر چەکدانان دروستکردوە. باشە گەرەنتی کورد چییە؟ کورد دەبەیتە حوکمی لەسێدارەدان و لەپاڵیشیدا پێیان دەڵێیت چەک دابنێن. ئەمە نزیکبوونەوەیەکی ڕاست نییە. سەرەتا با باس لە مافەکانی کورد بکرێت، پاشان باسی چەکدانان بێت."

پەیامێک بۆ ئەنقەرە

سەبارەت بە هەڵوێستی پژاک بەرانبەر تورکیا، هاوسەرۆکی پژاک جەختی کردەوە: "هیچ کێشەیەکی ڕاستەقینەمان لەگەڵ تورکیا نەبووە، سەرەڕای ئەوەش تورکیا هێرشی کردووەتە سەر ئێمە و هاوڕێکانمان شەهید کردون، هەروەها کۆمەڵکوژیی مەدەنیی ئەنجام داوە. کێشەی تورکیا ئەوەیە کە کورد لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی بڕيار نەبێت و تەسفییەیان بکات."

ئەمیر کەریمی ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر تورکیا دەیەوێت لەم پرۆسەیە بە سەلامەتی دەرچێت، دەبێت گۆڕانکاریی دیموکراتیک بکات، گوێ بۆ دەنگی ڕێبەر ئۆجالان بگرێت و واز لە دژایەتیکردنی کورد بهێنێت. کێشەی تورکیا تەنها پژاک نییە، بەڵکو گەلی کوردە بە هەموو شێوەیەک. ئەردۆغان لە ترەمپی داوا کرد کە یارمەتیی کورد نەدات، نەک تەنها پژاک. کێشەی سەرەکیی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانە و دەخوازین گەلی کورد و هەموو گەلان لە ئێران بە مافەکانیان بگەن."

گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و هەڵوێست لە جەنگ

کەریمی لەبارەی ئامادەیی بۆ گفتوگۆ گوتی: "ئێمە لەگەڵ هەر کەسێکدا کە هەنگاو بۆ ئاشتی بنێت قسە دەکەین، بەڵام نە تورکیا و نە ئێران بۆ ئەمە ئامادە نیین."

هەروەها سەبارەت بە پێگەی پژاک لە کێشەکاندا ڕایگەیاند: "پەیامی ئێمە بۆ هێزە دیموکراتیک و حیزبە سیاسییەکان ئەوەیە کە ئێمە بەشێک نیین لە جەنگی تورکیا. دەوڵەت-نەتەوە لە تورکیا بنیاد نرا و نکۆڵیکردنی کورد لەوێ دەستی پێکرد. تورکیا نەک هەر دژایەتیی کوردی ناوخۆی خۆی، بەڵکو دژایەتیی کوردی جیهانیش کردووە و تەنانەت چادرێکی بۆ کورد لە ئەفریقاش قبوڵ نەکردووە. داواکارین وەڵامی بانگەوازەی ڕێبەر ئۆجالان بدەنەوە، چونکە چارەسەری لە تورکیا کاریگەری لەسەر پارچەکانی تریش دەبێت."

پیلانی ئێران و تورکیا دژ بە کورد

سەبارەت بە هەماهەنگیی نێوان تاران و ئەنقەرە، ناوبراو ئاشکرای کرد: "ئێران پێشنیاری بە تورکیا کردبوو کە پژاک لەناوببەن. ئەوان هاوبەشییان لەسەر پرسی کورد هەیە و هێرش ئەنجام دراون، بەڵام ئەو پرۆسەیە کۆتایی هات. کورد دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە و ئیتر ناتوانن کورد چۆکدادەن."

کەریمی زیاتر گوتی: "ئێران کچە کوردێکی کوشت، بەڵام گەلان ڕاپەڕین. ئێمە دەڵێین کورد بێ بژاردە نییە. لایەنێکی تریش ئەوەیە کە ئێستا ئێران و تورکیا متمانەیان بە یەکتری نەماوە. تورکیا خەریکی هەژمارکردنی داگیرکاریی ئێرانە و ئێران ئەمە دەزانێت. ئێران چووە بۆ لای تورکیا و پێی گوت: "ئەم پرۆسەی ئاشتییە کۆتایی پێبێنن، وەرن پێکەوە کورد تەسفییە بکەین". بەڵام بێگومان کورد هەرگیز بە جەنگ چۆکدانادەین."

ئایا پژاک باڵی پەکەکەیە؟

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر پەیوەندیی نێوان پژاک و پەکەکە، ئەمیر کەریمی ڕوونی کردەوە: "ئێمە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانمان قبوڵ کردووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەمان ڕێکخراوین. نموونەی سۆسیالیستەکان لە جیهاندا زۆرە. بۆ نموونە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەی کەواتە بۆچی پژاک هەیە؟ پژاک بزووتنەوەیەکی کوردستانە و ئێمەش پێمان وایە پرسی کورد یەک پرسە.

 تورکیا ئەمە بۆ تیرۆرکردنی ئێمە بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا تورکیا دەبێت ئاشتیی ناوخۆیی خۆی پێکبهێنێت و لەگەڵ کورد ئاشت ببێتەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ گەلی کورد، کەریمی گوتی: "وەک پژاک دەزانین تەواوی گەلی کورد لە پشتمانە. دەمانەوێت هێزی نەتەوەیی گەلی کورد بین و لەم بارەیەوە هیچ ترس و دودڵییەکمان نییە. ئێمە منداڵی ئەم گەلەین و قەرزاری حەق و خوێنی گەلەکەین، تا دوایین دڵۆپی خوێنمان بۆ خەڵکەکەمان تێدەکۆشین. با پشتگیریمان بەردەوام بێت، چونکە ڕزگاریی ڕۆژهەڵات، ڕزگاریی هەموو کوردستانە."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.