لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای بەسەر 16 هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباددا سەپاند کە لە کۆتایی ساڵی 2024دا دەستگیر کرابوون، و بە کۆی گشتی سزاکەیان بریتییە لە 77 ساڵ و نۆ مانگ زیندانیکردن.
بەگوێرەتی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم کەسانە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاودەنگی"، «ئەندامێتی لە حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)"، "پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت" و "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پشتیوانیی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکاندا" دادگایی و سزادراون.
وردەکاریی سزاکانی دادگا بەم شێوەیەیە:
عەبدوڵڵا هۆشمەند و عەبدولڕەحمان قووە: هەر یەکەیان بە 7 ساڵ و 1 مانگ زیندان.
عەبدوڵڵا قووە، قادەر خەرامەنفەر، جەلال سەدەفی، عەلی مەعروفی، ئارام مەبزوولە، یوسف تەڵ، ڕێبوار ڕەسوڵی، ئەیوب ڕەسوڵی، عوسمان جەهانفەر، ڕەحمان دانا، سالار شەمسبۆرهان و زانیار سەیدئەحمەدی: هەر یەکەیان بە 5 ساڵ زیندان.
نازەنین ئەلیاسی (گۆڵاڵە): 2 ساڵ زیندان.
کەمال مەسعوودی: 5 مانگ زیندان.
ئەم هاووڵاتییانە لە نێوان مانگەکانی 10 و 11ی 2024 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەهابادەوە دەستگیر کرابوون و بۆ لێکۆڵینەوە ڕواندرابوونە ناوەندی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی زانیاری لە ورمێ.
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەستبەسەرکراوەکان لە ماوەی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردنیاندا بێبەش کراون لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و سەردانی بنەماڵەکانیان.