سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گیانبەختکردنی پێشمەرگەیەکی دیکەی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕاگەیاند، بەمەش کۆی گشتیی شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ناوچەی زڕگوێزەڵە گەیشتە ۱۰ پێشمەرگە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمەڵە، پێشمەرگەکە ناو «ئەبوبەکر هوشەنگی»ـیە و خەڵکی شاری مەریوانە؛ ناوبراو لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ۱۷ی تەممووز بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە ناوچەی زرگوێز و دەوروبەری لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە سەختی بریندار ببوو و دوای چەند ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی بەختکرد.
کۆمەڵە وێڕای ئاڕاستەکردنی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکە و جەماوەری خەڵکی کوردستان، جەختی لەسەر درێژەدانی ڕێباز و خەباتی سەربەخۆییخوازانەیان کردووەتەوە.
شایەنی باسە، دوای دوو ڕۆژ لە ئۆپراسیۆنە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەرمی نۆ پێشمەرگەی گیانبەختکردووی هێرشەکە لە مەراسیمێکی جەماوەریی بەرفراواندا لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرابوون.