لە کۆبوونەوەیەکی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی ناوچەکە تاوتوێکرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردەوە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئەنجامدراوە و تێیدا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ هەنگاوی بنەڕەتین بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو.
لە بەرامبەردا، ئەندرو بیزلی جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی لەندەن کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و سوپاسی هەماهەنگیی ئۆرگانەکانی حکومەتی هەرێمی کرد لە ماوەی کارکردنیدا.
لای خۆشییەوە، سەرۆکی حکومەت بەرزنرخاندنی بۆ هەوڵەکانی کونسوڵی بەریتانیا دەربڕی لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەردوولا.