ڕاستەوخۆ

ڕێوار ئاودانان: سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی ئێران هۆکاری سەرەکیی ئەم جەنگەی ئێستای ناوچەکەن

reset font size increase font size

ڕێوار ئاودانان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئامارگی" ڕوونکردنەوەی لەسەر هەڵوێستی پارتەکەی بەڕامبەر بە کۆنگرەی ئازادیی ئێران (IFC) دا.

ئاودانان  ئاماژەی بەوە کرد کە پژاک بەشداریکردنی لە کۆنگرەکەدا بە دژایەتی لەگەڵ هاوپەیمانیی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابینێت.

بە بڕوای ئەو، پێویستە پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردییەکان لەسەر بنەمای تەبایی و هاوکاری بێت و دوور بێت لە قۆرغکاری و بێبەشکردنی یەکتر، تاوەکو قورسایی سیاسیی کورد لە هاوکێشەکاندا بەرز بێتەوە.

هەڵوێستی پژاک بەرامبەر بە شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل

سەبارەت بە هەڵوێستی کۆنگرەکە لەسەر جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاودانان ڕوونی کردەوە کە پارتەکەیان خۆی لە نێوان بژاردەی "پشتیوانیکردنی شەڕ" یان "ئیدانەکردنی شەڕ"دا نابینێتەوە.

 جەخت دەکاتەوە کە سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆ و سیاسەتی دەستوەردان و بەرفراوانخوازی لە دەرەوە، هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئەم ململانێ و جەنگەی ئێستای ناوچەکەن.

فشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

لە درێژەی پەیامەکەیدا، ڕێوار ئاودانان ڕایگەیاند کە لە ڕوانگەی واقعیی سیاسییەوە، سەپاندنی فشار بۆ سەر ڕژێمی ئێران و ئامانجگرتنی سەنتەر و ناوەندەکانی سەرکوتکاری بە ئەرێنی دەبینن.

بەڵام جەختی لەوەش کردەوە ئەم هەڵوێستەیان بەو مەرجەیە کە زیان بەر هاووڵاتییانی مەدەنی نەکەوێت و مافی بڕیاردانی گەلانی ئێران، بە تایبەتی گەلی کورد، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە ئایندەی دوای کۆماری ئیسلامیدا بپارێزرێت.

مەرجەکانی بەردەوامی لە کۆنگرەی ئازادیی ئێران

لە کۆتاییدا، بەرپرسەکەی پژاک ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئەو کاتەی کۆنگرەی ئازادیی ئێران یان هەر هاوپەیمانییەکی تر دان بە مافەکانی کورد، پرەنسیپەکانی فرەیی (پلوڕالیزم) و بەشداریی دیموکراتیانەدا بنێت، ئەوان لە هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبن.

 بەڵام ڕایگەیاند، ئەگەر سیاسەت و ڕەفتاری کۆنگرەکە یان هەر ڕەوتێک لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورددا یەک نەکەوێتەوە، بە دڵنیاییەوە چاو بە بەشداریکردنی خۆیاندا دەخشێننەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.