کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئاوی کانزایی لە شاری دێلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا کرایە ئامانج.
بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، کاتژمێر 2:30ی بەرەبەیان سێ مووشەک بەر کارگەیەکی بەرهەمهێنان و بەپاکەتکردنی ئاوی کانزایی لە ناوچەی مۆسیان سەر بە شاری دێلوڕان کەوتوون. هێرشەکە بووەتە هۆی تێکشکانی بەشێک لە کەرەستە و دامەزراوەکانی کارگەکە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
قایمقامی دێلوڕان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە کاتی هێرشەکەدا کارگەکە داخرابوو، هیچکام لە کارمەند و کەرتی کارکردنەکەی زیانیان بەرنەکەوتووە و زیانە ماددییەکانیش سنووردارن. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا هێزەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە شوێنی ڕووداوەکەن بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی زیانەکان و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەلامەتیی ناوچەکە.
شایانی باسە ئەم کارگەیە یەکێکە لە ناوەندە پیشەسازییە چالاکەکانی ناوچەی مۆسیان، تا ئێستاش بەرپرسانی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر هۆکار و ئامانجەکانی پشت ئەم هێرشە مووشەکییە نەداوە.