بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکانی گومرگی ئێران، لەمەودوا حکومەتی ئەو وڵاتە باج لە کۆڵبەران وەردەگرێت و بنکە گومرگییەکان پابەند کراون بە وەرگرتنی ٢٪ـی نرخی ئەو کەلوپەلانەی کە لەلایەن کۆڵبەرانەوە لە سنوورەکان هاوردە دەکرێن.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی یاسایەکی نوێدا دێت کە ناوی "ڕێکخستنی بازرگانیی سنووری"یە.
بەرپرسانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ماوەی لێخۆشبوونی پێشبینیکراو بۆ ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا وەرگرتنی ئەم باجانە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا دەبێتە پرۆسەیەکی ناچاری و فەرمی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوە مافی پەروەرەکان، لەوانەش (کۆڵبەرنیوز)، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٨٤ کۆڵبەر کوژراون و ٢٤٦ کۆڵبەریش بریندار کراون، کە ئەوەش مەترسییە بەردەوامەکانی سەر ژیانی ئەو کەسانە دەردەخات کە ناچارن ڕووبەڕووی ئەو دۆخە مەترسیدارە ببنەوە.