سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە ڕایگەیاند، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابەزیوە بۆ کەمتر لە 1٪، لە کاتێکدا ڕێژەی گشتیی گەشەی دانیشتووان لە سەراسەری ئێراندا نزیکەی دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە.
شارەزایان هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵان و گەشەی دانیشتووان لە سنووری پارێزگاکەدا بۆ تەنگژە و کێشە ئابوورییەکان دەگەڕێننەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، بەردەوامبوونی دابەزینی گەشەی دانیشتووان بەم شێوەیەی ئێستا، ڕێژەی بەساڵاچووان زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی کەمیی دیاری هێزی کار لە ئایندەدا، بەوهۆیەوە داڕشتنی پلانێکی گونجاو و بەپەلە بۆ بەڕێوەبردنی گەشەی دانیشتووان بە پێویستییەکی حەتمی دەزانرێت. لە لایەکی دیکەوە، بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان، کۆی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سنە ملیۆنێک و 603 هەزار هاوڵاتییە.
هاوکات سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە ئاماژەی بە ئاماری بەرزی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە کرد و ڕوونی کردەوە، لەسەر ئاستی ئێران لە هەر 100 هەزار کەسێکدا 19 کەس بەهۆی ڕووداوی ڕێگەوبانەکانەوە گیان لەدەست دەدەن، بەڵام ئەم ئامارە لە پارێزگای سنەدا ڕووی لە هەڵکشان کردووە و گەیشتووەتە 28 کەس.