سیامەند موعینی، ئندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، سەبارەت بەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران کە گوتوویانە تورکیا ڕێگری لە جێبەجێکردنی پلانی ئەمریکا و هێزە کوردییەکان بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران کردووە، جەخت کردەوە کە ئەو بانگەشە و قسەوانە هیچ بنەمایەکی نییە و گاڵتەجاڕانەن.
موعینی ئاماژەی بەوە کرد، جێگەی باوەڕ نییە کە واشنتن یان تلئەبیب ئامانجێکی ستراتیژیی گەورەی وەکو ڕووخانی دەسەڵاتی ئێرانیان تەنها لەبەر ناڕەزایەتی یان فشارەکانی تورکیا فڕێبدەن و دەستبەرداری ببن.
ئەم لێدوانەی پژاک دوای ئەوە هات کە لە ماوەی ڕابردوودا عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا پشتڕاستی کردەوە کە تورکیا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە ڕێگریکردن لەو هێرش و جووڵە سەربازییەی کە بڕیار بوو لەلایەن هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە دژی تاران دەست پێبکات.