ژنێکی کوردی تەمەن 38 ساڵ لە شاری پیرانشار دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگای شۆڕش دەستگیر کرا و بۆ گرتوخانەیەکی ئەمنی لە ورمێ گواسترایەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵیان و لێپرسینەوەیان لە باوکی کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی شەممە بەیان قادری، تەمەن 38 ساڵ، خەڵکی گوندی پاسوێی سەر بە پیرانشار، پاش ئەوەی لەگەڵ باوکی سەردانی دادگای شۆڕشیان کرد، بێ بوونی هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن دەستگیر کرا و بۆ گرتوخانەیەکی ئەمنی لە ورمێ گواسترایەوە، بەبێ ئەوەی تاوەکو ئێستا تۆمەتە فەرمییەکانی ئاشکرا بکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک پێشتر ئازیز قادری باوکی لەلایەن هێزە هەواڵگرییەکانی سوپای پاسدارانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
هاوکات هێزە ئەمنییەکان بە بێ فەرمانێکی دادوەری هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی خێزانەکە و وێڕای پشکنینی ناوماڵەکە، زیانیان بە کەلوپەلەکانیان گەیاندبوو.
جێی باسە لەم دواییانەدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتێکی فراوانی هەڵکوتانەسەر ماڵی چالاکوانانی سیاسیی دەست پێکردووە.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنها لە مانگی ئابدا لانیکەم 75 هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران دەستگیر کراون، کە زۆرینەی کۆی دەستگیرکراوانی ئێرانیان پێکهێناوە.