لە مێژووی خۆیدا بۆ یەکەمین جار، یانەی ئامەدسپوری کوردی لە شاری ئامەد توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار بکات و دوای بردنەوەی لە یانەی بەشکتاش، سەکوێی یەکەمی خولی نایابی تورکیا بگرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 20ی 09ی 2026، لە یارییەکی خولی نایابی تورکیادا، یانەی ئامەدسپور ڕووبەڕووی یانەی بەشکتاش بووەوه و توانی بە ئەنجامی (3 - 2) یارییەکە بباتەوە.
لە تایمی یەکەمدا، یانەی ئامەدسپور کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد و لە خولەکی 13ـدا یاریزان گیفت ئۆربان گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تۆمار کرد، پاشان لە خولەکی 21ـدا دیا سابا گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکە زیاد کرد.
لە تایمی دووەمدا و لە خولەکی 55ـدا، دۆشان ڤلاهۆڤیچ جیاوازییەکەی بۆ بەشکتاش کەم کردەوە و گۆڵی یەکەمی تۆمار کرد، بەڵام سێ خولەک دوای ئەوە، فورکان سۆیاپ گۆڵی سێیەمی بۆ ئامەدسپور تۆمار کرد و جیاوازییەکەی کردەوە بە دوو گۆڵ.
سەرەڕای ئەوەی لە خولەکی حەوتی کاتی زیادکراودا ئۆرکۆن کۆکچوو لێدانێکی سزای بۆ بەشکتاش کردە گۆڵ، بەڵام یارییەکە بە سەرکەوتنی ئامەدسپور کۆتایی هات و تیپەکە سەرکەوت بۆ یەکەمی خولەکە.
شایەنی باسە، مانگی ئایاری ڕابردوو ئامەدسپور بۆ یەکەم جار سەرکەوت بۆ خولی نایابی تۆپی پێی تورکیا و تاوەکو ئێستاش ئاستێکی زۆر بەرز پێشکەش دەکات.
عەلی فکری ئیشک، نووسەری پەڕتووکی (ئامەدسپور: ئاژاوە و بەرخۆدان)،پێشتر سەبارەت بەو یانەیە ڕایگەیاندبوو: "لە ژێر سەرپەرشتیی ڕاهێنەر بەسنیک هایدا، ئامەدسپور سەلماندوویەتی کە ئەو سەرکەوتنانە بە ڕێککەوت نەبوون."