یانەی وەرزشیی هەولێر هێرشکردنەسەر پاس و هاندەرانی لە پایتەختی عێراق لەلایەن هاندەرانی یانەی شورتەی بەغداوە بە توندی سەرکۆنە کرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی دەکات.
ڕووداوەکە دوای یارییەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق هات کە ڕۆژی هەینی لە بەغدا بەڕێوە چوو و بە ئەنجامی یەکسانبوون کۆتایی هات.
سەرۆکی لێژنەی هاندەرانی یانەی هەولێر، ڕایگەیاند کە پاش تەواوبوونی یارییەکە، سەدان هاندەری یانەی شورتە بە دار و بەرد و بلۆک هێرشیان کردووەتەسەر هاندەرانی هەولێر و بە ئۆتۆمبیل و مۆتۆرسکیل ڕاویانناون، پاشان پەنجەرەی سەرجەم ئەو پاسانەی هاندەرانی هەولێریان هەڵگرتبوو شکێنراون و چەند هاندەرێکیش لە بەغدا گیریان خواردووە.
دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەم ڕووداوە بکەن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەنجامدەرانی بگرنە بەر.
تا ئێستاش یانەی شورتە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوە.