راپۆرتە وەرزشی و میدیاییە جیهانییەکان بە بەفراوانی تیشک دەخەنە سەر درەوشانەوەی بێوێنەی دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و لەژێر ناونیشانی "ئونداڤ.. ئەو کوردە ئێزدییەی ئەڵمانیای لە شکست رزگارکرد" باسی چیرۆکی سەرکەوتن و ڕەچەڵەکی ئەو یاریزانە کوردە دەکەن کە توانی مێژوو بۆ "مانشافت" بنووسێتەوە.
گرێکوێرەی مۆندیالی کردەوە
دێنیز ئونداڤ کە کوڕێکی کوردە، توانی ئەو گرێکوێرە گەورەیە بکاتەوە کە ساڵانێکی زۆر بوو بەرۆکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای گرتبوو؛ پاش ئەوەی ئەڵمانیا لە هەردوو مۆندیالی 2018 و 2022دا نەیتوانیبوو قۆناغی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت، ئونداڤ بۆ یەکەمجار لە دوای مۆندیالی 2014وە وڵاتەکەی گەیاندە قۆناغی 32.
لە یاریی بەرامبەر کۆتدیڤوار، ئەڵمانیا لە گێمی یەکەمدا بە گۆڵێک دواکەوت، بەڵام لە گێمی دووەمدا دوای هاتنە ناوەوەی ئونداڤ وەک جێگرەوە، تەنیا لە 8 خولەکدا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و لە کۆتا خولەکەکانیشدا گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی پێشکەش بە وڵاتەکەی کرد.
ئونداڤ لەم مۆندیالەدا تەنیا لە دوو یاریی یەکەمدا، بووە یەکەم یاریزان کە بەشداری لە 5 گۆڵدا بکات (3 گۆڵ و 2 ئەسیست).
ڕەچەڵەک و چیرۆکی کۆچی خێزانەکەی
دایک و باوکی دێنیز خەڵکی شارۆچکەی وێرانشاری سەر بە پارێزگای ڕوحایە لە باکووری کوردستانن، باوکی کوردی ئێزدییە و دایکی وڵاتینامەی سوریای هەیە.
خێزانەکەی دێنیز دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980ی تورکیا، ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن و وەک پەنابەر بچنە ئەڵمانیا.
"باوکم نموونەی باڵای منە"
ئونداڤ لە چاوپێکەوتنێکدا بە شانازییەوە باس لە کێشە و ناسنامەی خۆی دەکات و دەڵێت:
"باوکم نموونەی باڵای منە، ئەو کاتێک هاتە ئێرە هیچی نەبوو و خۆی خۆی دروستکرد. منیش هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی وابکەم باوکم شانازیم پێوە بکات و دە هێندەی ئەوەی بۆ بکەمەوە کە ئەو لەپێناو ئێمەدا کردی.
باوکم دوو تاوەکو سێ کاری بەردەوامی دەکرد بۆ ئەوەی ژیانی ئێمە دابین بکات. ئێمە وەک کورد و وەک ئێزدی، دەوڵەتی خۆمان و هەڵبژاردەی نیشتمانیی خۆمان نییە، لەبەرئەوە ئێمە لە هەرکوێ بین، بنەچەی خۆمان لە دڵماندا هەڵدەگرین."