ڕاستەوخۆ

سیستمی ڤیزای ئەمریکا هاندەرانی مۆندیال توڕە دەکات

reset font size increase font size

لە کاتێکدا وابریارە ئەمشەو یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 دەستپێبکات، دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێی وڵاتانی جیاواز، بەهۆی ڕێکارە توندەکانی ئەمریکاوە ناتوانن ڤیزا بەدەستبهێنن.

عەبدوڵڵا عەدنان، هاندەرێکی عێراقییە کە بلیتەکانی یاریی تیمی وڵاتەکەی بەرامبەر نەرویج و فەرەنسا لە بۆستن و فیلادلفیا کڕیوە، بەڵام ئێستا ناتوانێت گەشت بکات.

عەبدوڵڵا دەڵێت: "بینینی تیمی وڵاتەکەم لە یاریگادا بۆ من هاوتای هەموو جیهان بوو، بەڵام بەربەستەکانی ڤیزا هەموو خەونەکانی لەباربردم."

ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق دوای ساڵی 1986 بۆ یەکەمجارە دەگاتە مۆندیال.

زیاتر لە چارەکی وڵاتانی بەشداربوو ڕووبەڕووی بەربەستی ڤیزا بوونەتەوە

لێکۆڵینەوەیەکی میدیایی ئاشکرای دەکات کە هاندەرانی زیاتر لە چارەکی ئەو وڵاتانەی سەرکوتوون بۆ مۆندیال، ڕووبەڕووی قەدەغەی گەشتکردن یان بەربەستی توندی ڤیزای ئەمریکا بوونەتەوە.

بۆ نموونە لە عێراق، دوای دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، واشنتن خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکانی لە بەغدا ڕاگرت، ئەمەش وایکردووە هیچ ناوەندێک نەبێت بۆ چاوپێکەوتنی ڤیزا.

 هاندەرانی عێراقی ناچارن بچنە ئوردن، بەڵام لەوێش پێیان دەگوترێت چونکە هاووڵاتیی ئوردنی نین ڤیزایان پێ نادرێت. عەبدوڵڵا عەدنان دەڵێت تەنیا بۆ کڕینی بلیت و سەفەری بێسوود بۆ ئوردن، 1800 دۆلاری خەسار بووە.

سیستمی ڤیزای ئەمریکا؛ "دەروازەوا نە نەبینراوەکەی مۆندیال"

ئامارەکان نادادییەکی قورس لە نێوان هاندەرانی جیهاندا پیشان دەدەن؛ 42 وڵاتی دەوڵەمەندی جیهان بە تەواوی لە ڤیزای ئەمریکا بەخشراون و تەنیا بە 40 دۆلار و بە شێوازی ئۆنلاین (ESTA) مۆڵەت وەردەگرن، بەڵام هیچ وڵاتێکی ئەفریقی لەو لیستەدا نییە. هاندەرانی وڵاتانی دیکە دەبێت 185 دۆلاری کاتی چاوپێکەوتن بدەن و بەڵگەی دارایی قورس پێشکەش بکەن.

داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیشانی دەدەن کە ڕێژەی ڕەتکردنەوەی ڤیزا (Refusal Rate) بۆ 11 وڵاتی بەشداربووی مۆندیال (وەک میسر، ئوردن، ئێران، ئۆزبەکستان و گانا) سەرووی 40٪ بووە. 

پارێزەرانی کۆچبەران دەڵێن، سیستمی ڤیزای ئەمریکا وەک "دەروازەوانێکی نەبینراو" کاردەکات؛ فیفا دەتوانێت بلیت بفرۆشێت، بەڵام تەنیا حکومەتی ئەمریکا بڕیار دەدات کێ بچێتە ناو وڵاتەکەوە.

سەرۆکی هاندەرانی ئوردن: ئەم مۆندیالە بۆ ئێمە نییە، بۆ خۆیانە

لە ئوردن، ڕێژەی ڕەتکردنەوەی ڤیزا گەیشتووەتە 57٪. ئەبو کاس، سەرۆکی یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێی ئوردن، ڕایگەیاند کە تەنانەت یەک هاندەریش ناناسێت ڤیزای وەرگرتبێت.

ئەو دەڵێت زیاتر لە 42 بەڵگەی فەرمی بردووەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەممان، بەڵام بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک ڕەتکراوەتەوە.

 ئەبو کاس بە خەمۆکییەوە دەڵێت: "ئەم جامە جیهانییە بۆ ئێمە نییە، بۆ عەرەب نییە، بۆ خۆیانە. ئەگەر ڤیزای سەرۆکی هاندەران ڕەتبکرێتەوە، ئەی کێ وەریدەگرێت؟"

وەڵامی واشنتن: پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەدایە

لە بەرامبەر ئەم ڕەخنانەدا، بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە سیستمی کۆچبەری وڵاتەکەیان پێویستی بە توندوتۆڵی هەیە، چونکە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 538 هەزار کەس لە وادەی ڤیزاکانیان زیاتر لە ئەمریکا ماونەتەوە و ئێستا نزیکەی 14ملیۆن کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتەدا دەژین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەوان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاندەران دەکەن، بەڵام پێویستە دڵنیاببنەوە لەوەی هیچ گەشتیارێک نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان، بۆیە هەر دۆسیەیەک بە جیا و بە وردی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە مۆندیالەکانی پێشوو وەک قەتەر (کارت هیا) و ڕووسیا (فان ئایدی) سیستمی زۆر ئاسانیان بۆ هاندەران دابین کردبوو.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.