قەزای چێرمیک لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، لە ڕێگەی زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمهێنانی فستقەوە سەرنجی کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.
دوای شارەکانی وەک دیلۆک و سێرت کە بە بەرهەمهێنانی فستق بەناوبانگن، ئێستا چێرمیکیش هەنگاوی خێرا دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە ستراتیژییە و سەرچاوەی بژێوی جووتیارانی ناوچەکە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، پڕۆسەی چاندنی فستق لە ئێستادا لە 35 گوند و ناوچەی گوندنشینی سەر بە قەزای چێرمیک بەڕێوەدەچێت.
لە کاتێکدا لە ساڵی ڕابردوودا 2025 بڕی بەرهەمهێنانی فستق لەم ناوچەیەدا نزیکەی 500تۆن بووە، جووتیاران و پسپۆڕانی کشتوکاڵی پێشبینی دەکەن کە بەرهەمی ئەمساڵ 2026 دوو هێندە زیاد بکات و بگاتە هەزار تۆن.
ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی بایەخی زیاتری جووتیارانەوەیە بۆ ئەم بەروبوومە کە خاوەن بەهایەکی ئابووریی بەرزی بازرگانییە.
مەروان یڵدرم، جووتیارێکی نیشتەجێی گوندی (گۆکتەپە) کە سەرقاڵی چێنانی فستقە، ڕایگەیاند کە ساڵ بە ساڵ بڕی بەرهەمەکەیان ڕووی لە زیادبوونە و کوالێتییەکی بەرزی هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکییان لەم قۆناغەدا تەنیا فرۆشتنی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کارکردنە بۆ ناساندن وبە براندکردنی فستقی چێرمیک تاوەکو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ناوبانگ دەربکات و کێبڕکێی شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان بکات.