بە سەدان کەس لە دانیشتووان، مامۆستایان، قوتابیان و بنەماڵەکانیان لە شاری عامودا و گوندەوارەکانی لە ڕۆژاڤای کوردستان، بە درووشمی «زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە» ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجام دا.
ڕێپێوانەکە لە «گۆڕەپانی ژنانی ئازاد» دەستی پێ کرد و لە ناوەڕاستی شارەکەدا بۆ گردبوونەوەیەکی جەماوەری گۆڕا. لەو چالاکییەدا گوتارێک پێشکەش کرا و تێیدا جەخت کرایەوە کە مافی خوێندن بە زمانی دایک مافێکی بنەڕەتییە.
بەشداربووان ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەو بڕیارە دەربڕی کە تەنها سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بۆ خوێندنی زمانی کوردی تەرخان کراوە و جەختیان کردەوە کە ئەم ماوەیە بەس نییە. هاوکات داوایان لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا کرد کە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات و کاتی خوێندنی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنیدا زیاد بکات.