دوابەدوای ڕووداوەکانی 11ی ئەم مانگە و ئاگرکەوتنەوە لە زیندانی شاری کۆبانێ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9 خۆپیشاندەر، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری شارەکەدا ڕاگەیەندرا.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە سەرانسەری شاری کۆبانێ، بەتایبەتیش لە بازاڕی گشتی و شوێنە بازرگانییەکان، هاووڵاتییان و کاسپکاران بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووان دووکانەکانیان داخستووە و تەواوی جووڵەی بازرگانی لە شارەکەدا ڕاوەستاوە.
هاوکات لە میانەی ماتەمینییەکەدا، هاووڵاتییانی کۆبانێ داوای بەشداریی بەرفراوان و جەماوەرییان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی هەر 9 قوربانییەکە ڕووداوەکە کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییان جەختیان لەسەر پێویستیی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان کردووەتەوە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بە زووترین کات بکەران و بەرپرسانی ڕووداوەکەی زیندانی کۆبانێ دەستنیشان بکەن و ڕووبەڕووی سزای دادپەروەرانەی خۆیان ببنەوە.